فەریق عەبدولغەنی ئەسەدی بەرپرسی دەزگای دژەتیرۆری عێراق لە موسڵ بەرۆیتەرزی راگەیاند "تەنها بەشێكی كەم لەشارەكە ماوە بەتایبەت لە شاری كۆن".
بەپێی هەواڵ دەری ئەلی بەیت.ع.ابنا: سوپای عێراق رۆژی دووشەممە رایگەیاند لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا ئۆپراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ لەژێر چنگی چەكدارانی داعش كۆتایی پێدێت، ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە لەئێستادا هێزە تایبەتەكانی سەر بەدژەتیرۆری عێراق لەكۆڵانە تەسك و باریكەكانی ئەو شارە لەشەڕدان لەگەڵ "توندڕەوان"دا.
وتیشی "لەرووی سەربازییەوە داعش تەواوبووە. رۆح و هاوسەنگی شەڕی لەدەستداوە، ئێمە داوایان لێدەكەین خۆیان بدەن بەدەستەوە یاخود رووبەڕووی مەرگ دەبنەوە".
لەكۆڵانەكانی شاری كۆن كە دەكەوێتە كەناری خۆرئاوای رووباری دیجلەو شەڕ تیایدا بەردەوامە، ژمارەیەكی زۆر هاوڵاتی گیریان خواردووە. سوپای عیراقیش دەڵێت ئەو ناوچانەی شاری كۆن كە تائێستا لەژێر كۆنترۆڵی داعشدان، كەمترن لەرووبەری 2 كیلۆمەتر چوارگۆشە.
بەوتەی فەرماندەی دەزگای بەرەنگاربوونەی تیرۆر، هەوڵی داعش بۆ گەڕانەوەی بۆ گەڕەكە كۆنتڕۆڵكراوەكان "شكستی هێناوە"و شەڕ لە چەند رۆژێكی كەمدا تەواو دەبێت.
بەپێی ئامارەكانی سوپای عێراق، نزیكەی 350 چەكداری داعش لەشاری كۆن گەمارۆدراون و لەنێو هاوڵاتیانی مەدەنیدا خۆیان حەشارداوە. ئەوەش لەكاتێكدا دێت كە ئەو چەكدارانە لەڕێی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوو نیشان شكێنەكانیانەوە دەیانەوێت پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق دوابخەن.
بەووتەی ئەو هاوڵاتیانەش بێت كەلەو بەشەی موسڵ هەڵاتوون، 50 هەزار كەسی ( نیوەی دانیشتووانی شاری كۆن) لەپشت هێڵەكانی بەرگری داعشەوە گەمارۆدراون و بەدەست كەمی ئاووخۆراكەوە دەناڵێنن.
هەفتەی رابردوو، چەكدارانی داعش مزگەوتی نوری و منارەی حەدبا-یان تەقاندەوە، كە لەو مزگەوتەوەو لەساڵی 2014 دا " ئەبو بەكر بەغدادی" دروستبوونی بەناو دەوڵەتی خەلافەتی" لەسەر خاكی عێراق و سوریا راگەیاند، تائێستاش زەوی مزگەوتەكە لەژێر كۆنترۆڵی داعشدایە.
رۆژی دووشەممە، عەبدولئەمیر رەشید یارالـلە فەرماندەی پڕۆسەكانی نەینەوا لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاند، هێزەكانی دژە تیرۆر شەقامی فاروقی یەكەمیان لەموسڵی كۆن كۆنتڕۆڵكردووەتەوەو ئاڵای عێراقیان بەرزكردووەتەوە، دوای تێكشكاندنی داعش.
رۆژی 17ی تشرینی دووەمی 2016 هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق و بەپشتیوانی هێرشی ئاسمانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەڕابەرایەتی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا قۆناغی یەكەمی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی موسڵ-یان دەستپێكرد.
دوای تێپەڕبوونی 100رۆژ بەسەر دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنەكەدا، تەواوی خۆرهەڵاتی موسڵ لەچەكدارانی داعش پاككرایەوە.
19ی شوباتی ئەمساڵ، قۆناغی دووەمی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ دەستیپێكرد، هێزەكانی پۆلیسی فیدراڵی و یەكەكانی بژاردەی وەزارەتی ناوخۆ بەرەوپێشچوونی بەرچاویان لەبەشی راستی موسڵ بەدەستهێناوە.
رێكخراوەكانی بەهاناوەچوون دەڵێن چەكدارانی داعش رێگری دەكەن لە جێهێشتنی شاری كۆن لەلایەن نیشتەجێ بووانییەوە و سەدان كەسیان كوشتووە كە لەماوەی چەند هەفتەی رابردوودا هەوڵی هەڵاتنیان داوە.
هەرچەندە كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ كۆتایی بەشە عێراقییەكەی "دەوڵەتی خەلافەتەكەی" بەغدادیە، بەڵام لەهەمان كاتدا بەشێكی زۆر لەخاكی عێراق و سوریا دەمێنن كە هێشتا لەژێر كۆنترۆڵی ئەو چەكدارانەدان.
لەئێستاشدا بڕوا وایە كە ئەبوبەكر بەغدادی ( كەشەڕی موسڵی بەفەرماندە ناوخۆییەكانی داعش سپاردووە) لەناوچەیەكی سنووری نێوان عیراق و سوریا خۆی شاردبێتەوە، هەرچەندە هەفتەی رابردوو، وەزارەتی بەرگری رووسیا رایگەیاند كە پێدەچێت بەغدادی لەهێرشێكی فڕۆكەجەنگییەكەی ئەو وڵاتە لەشاری رەققە لەكۆتایی مانگی رابردوودا كوژرابێت، بەڵام تائێستا ئەو هەواڵە بەتەواوەتی لەلایەن مۆسكۆوە پشتڕاست نەكراوەتەوە.